ئەمانوڵڵا فەرەجی، بەرپرسی کارگێڕیی پارێزگای کرماشان، لەو کۆبوونەوەیەدا ئاماژەی بە بنەماکانی بیری جەماعەت کرد و وتی: «پێوەندیی لەگەڵ خوا لەسەر تەوەری یەکتاپەرستی، بنەمای چالاکییەکانی جەماعەتە؛ پێوەندیی لەگەڵ خوا، ئیخڵاس و خۆپاراستن لە هەرجۆرە شێوازێکی هاوەڵدانان، لە بنەما سەرەکییەکانی بیری جەماعەت هەژمار دەکرێ.» ئەو جەختی لەسەر پاککردنەوەی نەفس، چاکسازیی دەروون و پێوەندیی لەگەڵ ناخی خۆی کرد و وتی: «ئێمە بە ڕوانگەیەکی سازێنەری و ئاوەدانکارییەوە بۆ دونیا و جیهانی کەون دەڕوانین، نەک بە ڕوانگەیەکی وێرانکاری و کاولکاریی.» فەرەجی لە درێژەدا، وێڕای ئاماژە بە وەدرەنگکەوتنی ناساندنی لێژنەی کارگێڕیی ناوچە، ڕوونی کردەوە کە: «جەماعەت بە بنەمای یەکتاپەرستییانەی، خۆی بە جەماعەتێک لە موسوڵمانان دەزانێ، نەک جەماعەتی موسوڵمانان؛ بەو واتایە کە وێڕای پاراستنی ڕوانگەی تایبەتی خۆی، هەوڵ و تێکۆشانی جەماعەتە ئیسلامییەکانی تر بەرز دەنرخێنیت و بەردەوام ئامادەی هاوکاری و هاریکارییە لە کاروبارە هاوبەشەکاندا.»
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەیە کە ڕۆژی دووشەممەی ۲۳ی پووشپەڕی ۱۴۰۴ لە شاری بانەوڕەی سەر بە ناوچەی باینگان بەڕێوە چوو، بەرپرسی کارگێڕیی ناوچە لە وتەکانیدا وێڕای بەخێرھاتنی ئامادەبووان، ڕێزی لە ژیاندنەوەی دووبارەی لێژنەی کارگێڕیی ناوچە گرت و ئەو ڕووداوەی وەک "دەسپێکێکی پڕ لە هیوا بۆ داهاتووی جەماعەت" هەژمار کرد.
پاشان مامۆستا هاشم حەکیمی، جێگریی زانایان، ئایەتی «إِنْ أُرِیدُ إِلَّا الْإِصْلَاحَ مَا اسْتَطَعْتُ وَمَا تَوْفِیقِی إِلَّا بِاللَّهِ» کردە تەوەری وتەکانی و جەختی کرد: «هەنگاونانەوە لە دۆخی ئێستاوە بەرەو دۆخێکی باشتر، تەنیا بە یارمەتی خوا گەورە دێتە دی. بەڕێزیان «ئیمانی ڕاستەقینە، ئیخلاس، خاکەڕایی، خۆڕاگری، پارێزکاری، یادی خوا، هاوسانی و پشتبەستن بە خوا»ی وەک هۆکارەکانی سەرکەوتن هەژمار کرد و وتی: «هەر سەرکەوتنێک لە فەزڵ و گەورەیی خواوەیە؛ هذا من فضل دلی.»
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە، یادێک لە خوالێخۆشبوو جەزا بێهزادی، ئەندامی ئەمەگناسی جەماعەت کرا و ڕێز لە بنەماڵە و هاوسەری ئیسماعیل ڕوستەمی بەهۆی خزمەتگوزارییەکانیان گیرا.
پێش ناساندنی فەرمی لێژنەی کارگێڕی، جێگرانی پارێزگایی، بەرپرسی لیژنەی کارگێڕیی شاری پاوە و ئەندامێکی کۆنگرەی جەماعەت لە وتاری جیاوازدا، باسیان لە گرینگیی بەردەوامی ڕێگای چاکسازی، پتەوکردنی شوناسی ئایینی و یەکپارچەیی ئەندامانی جەماعەت لە ناوچە کرد.
لەکۆتاییدا بە پێشکەشکردنی پۆستی بەرپرسیارەتی بە ئیسماعیل ڕوستەمی و ئەندامانی لێژنەی کارگێڕیی ناوچەی باینگان، خولێکی نوێی چالاکیی لە ناوچەدا دەستی پێ کرد.
ناوچەی باینگان کەوتۆتە باکووری ڕۆژاوای پارێزگای کرماشان و سەر بە شاری پاوەیە. ئەو ناوچەیە پێکهاتەیەکی کوێستاناوییە و بەشێکی مێژوویی و کولتووری هەورامان هەژمار دەکرێ. ناوەندی ئەو ناوچەیە، شاری باینگانە کە لە داوێنی کێوی شاھۆ هەڵکەوتووە و حەشیمەتێکی نزیک بە ۷هەزار کەسی لەخۆ گرتووە. باینگان بەهۆی دۆخی جوگرافیایی، پێشینەی ئایینی و کولتووری، هەمیشە پێگەیەکی تایبەتی لە لایەنە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانی ناوچەدا هەبووە.
بۆچوونهکان